لەبارەی ئێمە
کورتەیەک لەبارەی سمکۆئاکادێمی:
بەپێی قسەی سمکۆ، چەقەرەی سەرهەڵدانی دامەزراندنی فێرگەی سمکۆئاکادێمی دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلیزی گوتنەوەی سمکۆ بە فێرخوازانی وڵاتی چین و هەروەها فێرخوازانی فارس و ئازەری لە تاران. سمکۆ ماوەی پێنج شەش ساڵ ئینگلیزی بە فێرخوازی چین و چەند ساڵێکیش بە فێرخوازانی فارس و ئازەری بە شێوەی سەرهێڵ و ڕاستەوخۆ گوتووەتەوە.
وەک خۆی دەڵێت: ئەم هەستە ناخۆشە وای لێ کردم کە لە دوای ڕێگایەک بم بۆ گەیاندنی قازانجێک بە کورد. بەهۆی ئەوەی کە دوور لە کوردستان دەژیام نەمدەتوانی ڕاستەوخۆ سوودێک بگەیێنم. بۆیەش لاپەڕەیەکم لەسەر ئینیستاگرام دامەزراند تا ئەگەر شتێک لە زمانی ئینگلیزی دەزانم بە کوردی پێشکەشی بە کورد بکەم و دووراودوور قازانجێکم هەبێت بۆ کوردستان.
وەک دیارە ئەمە بوو بە چەقەرەی دامەزراندنی لاپەڕەی، ئینگلیزی لەگەڵ سمکۆ لە ساڵی ۲۰۱۸ لەسەر بەستەری ئینیستاگرام، وەک یەکەمین لاپەڕەی ئینیستاگرام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئینگلیزی بە کوردی بڵێتەوە. ئەم لاپەڕەیە، ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر بوو بەتایبەت لە دوای هێنانی دایکە مریەمی بۆ ناو ڤیدیۆیەکان. بە هێنانی دایکە مریەمی، لاپەڕەی سمکۆ وەرچەرخانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی و وای لێ کرد کە فێرکارییەکانی سمکۆ زۆرتر تێکەڵاوی فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردەواری بێت هەروەها خەڵکێکی زۆرتر بێتە ناو لاپەڕەکە. لە دوای ئەوەی کە لاپەڕەکە گەورە بووە و خەڵکێکی زۆر داواکاری فێربوونی زمانی ئینگلیزی بوون، سمکۆ بڕیاری دا کە لەو فێرگە چینییە کە وەک مامۆستای ئینگلیزی کاری لێ دەکرد، دەست هەڵگرێت و بەتەواوی و بە فەرمی دەست بە فێرکردنی ئینگلیزی بە فێرخوازی کورد بکات. یەکەم کارێک کە تیمی سمکۆ کردیان، (جگە لە ڤیدیۆ فێرکارەکانی سەر ئینیستاگرام) بەرهەمهێنانی پەکەیجێکی ئافڵاینی فێرکاری ئینگلزی بە کوردی بوو، کە تا ئەمڕۆ چەند هەزار فرۆشی هەبووە.
لە دوای ئەم پەکەیجە، سمکۆ بڕیاری دا کە فێرگەیەکی سەرهێڵی ئینگلیزی بە کوردی بکاتەوە کە فێرخوازانی کورد لە هەر شوێنکی ئەم دنیایە بتوانن بە کوردی لەگەڵ مامۆستای کورد لەگەڵ هاوپۆلی کورد، ئینگلیزی بە کوردی فێر ببن. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کورت، زیاتر لە هەزار فێرخوازی کورد ڕۆژانە دێنە سەر پۆلەکان بۆ فێربوونی ئینگلیزی لەگەڵ مامۆستای کورد و هاوپۆلی کورد.
تەواوی مامۆستایانی فێرگەی سمکۆئاکادێمی خولی تایبەت بە فێرکاریی ئینگلیزیان تێپەڕ کردووە و هەموویان هەم لە زمانی ئینگلیزی هەم لە بواری فێرکاریی زمانی ئینگلیزی، شارەزا، لێزان و پسپۆڕن. تەواوی مامۆستایانی سمکۆئاکادێمی لە دوای هەڵسەنگاندنی چڕیی لێژنەی پسپۆڕانی وەرگرتنی مامۆستا، بەپێی پێوەرە ستانداردەکانی هەڵسەنگاندنی مامۆستا، هەڵبژێردراون. تەواوی مامۆستاکان لێزان، کارزان، ڕووخۆش و پڕ لە وزەن بۆ ئەوەی ئێوە حاڵ و جەوێکی خۆش لەسەر پۆلەکان ئەزموون بکەن و سوودیان لێ ببینن.